حکومەتی ئەڵمانیا رەخنەی لە گەورەترین رێکخراوی ئیسلامی وڵاتەکەی گرتووە بەهۆی رەتکردنەوەی بۆ بەشداریکردنی لەو ڕێپێوانەی لە پێناو ئاشتیدا سبەی شەممە لە دژی تیرۆریزم بەڕێوەدەچیت.
لەو بارەیەوە یەکگرتووی ئیسلامی تورکی DITIB رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە ئەو رێپێوانەی بڕیارە لە شاری کیولن ئەنجام بدرێت پەیامێکی خراپ دەدات بەوەی کە تیرۆریزمی جیهانی بە زۆری کێشەیەکی موسڵمانانە.
هاوکات یەکگرتووی ئیسلامی تورکی گوتیشی کە موسڵمانان لەم کاتەدا بەڕۆژوون و ناتوانن بۆ چەند کاتژمێرێک بەم هاوینە گەرمە رێپـێوان بکەن.
جێی ئاماژەیە وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند ڕێپێوانی ناڕەزاییەکە لەلایەن گروپێکەوە ڕێکدەخرێت و خۆیان بە گروپی "لەگەڵ ئێمە نین" ناودەبەن، ئەمەش نیشانیەکی هیوابەخشە لە دژی تیرۆریزم.
وتەبێژەکەی حکومەتی ئەڵمانیا گوتیشی کارێکی باش بوو بۆ موسڵمانان ئەوە پیشان بدەن کە لە نێویاندا و لە مزگەتەکانیاندا دەرفەت بە رق و کینە و کاری توندوتیژی نادرێت.
گوتیشی جێی مەخابنە DITIB بەشداری ناکات.