کچێـک لە ئەڵمانیا بە تاوانی ئەنجامدانی هێرش بۆ داعش حوکمی زیندانی دەدرێت

دادگایەکی ئەڵمانیا بڕیاری دا کچێـکی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک مەغریبی زیندانی بکرێت بە تاوانی بەر چەقۆدانی پـۆلیسێـک بە فەرمانی داعش.

دادگایەکی هەرێمی لە شاری تسێلە لە باکوری ئەڵمانیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە حوکمی 6 ساڵ زیندانی بۆ سەفیە س. تەمەن 16 ساڵ دەرکرد بە تاوانی هەوڵی کوشتن و پشـتیوانیکردن لە گروپـێکی تـێرۆرستی.

لە میانەی پـرۆسەی دادگایی‌کردنەکەدا کە لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە دەسـتیپـێـکردبوو، پارێزەری سەفیە داکۆکی لێدەکرێت بەوەی درکی نەکردبوو کارێکی هەڵە دەکات.

داواکاری گشتی گوتی سەفیە لە مانگی یەکی ساڵی 2016 ڕۆیشتووە بۆ ئستەنبوڵ و لەوێ چاوی کەوتووە بە ئەندامانی داعش و ئەوانیش پـلانیان بۆ دانابوو یارمەتی بدەن لە گەیشتن بۆ ناوچەیەکی ژێر دەستی داعش لە سوریا. بەڵام هەر لەو کاتەی لە ئستەنبوڵ بووە، فەرمانی بۆ هاتووە هێرشێـکی خۆکوژی لە ئەڵمانیا ئەنجام بدات، بۆیە لە گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا هێرشەکەی ئەنجامداوە.

هەر لەو کەیسە، دادگاکە ئەڵمانیـیەکی بە ڕەچەڵەک سوری بە ناوی محەمەد ک. تەمەن 20 ساڵ حوکمی 2 ساڵ و نیو زیندانی دا بە تاوانی ئاگادار نەکردنەوەی پـۆلیس لەو پـلانەی سەفیە هەیبوو، لە کاتێـکدا پـێشتر زانیاری لە بارەیەوە هەبوو.

جێی وەبیرهێنانەوەیە 26 ی مانگی دووی ساڵی ڕابردوو سەفیە لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە شاری هانۆڤەر دەسـتگیرکرا پاش ئەوەی لەوێ پـۆلیسێـکی بەر چەقۆ دا و بە سەختی برینداری کرد.