کەسێـکی تونسی دەستگیردەکرێت بە گومانی بەشداری لە هێرشی سەر بازاڕەکەی بەرلین

ئۆفیسی داواکاری گشتی ئەڵمانیا دەڵێت پـۆلیسی وڵاتەکەی کەسێـکی تونسیـیان دەسـتگیرکردووە کە گومانی لێدەکرێت بەشداری لە هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی سەر بازاڕەکەی بەرلین کردبێت.

بەپـێی داواکاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا کەسەکە کە تەمەنی 40 ساڵە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە پاش پشـکنینی ماڵ و شوێنی کارەکەی لە لایەن پـۆلیسەوە دەسـتگیرکراوە.

دەڵێن ژمارە تەلەفونەکەی لە ناو مۆبایلی ئەنیس ئەلعامریدایە، ئەوەی شەوی دووشەممە ڕێکەوتی 19 ی مانگی دوازدە ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگری کێشا بە بازاڕێـکی بەرلیندا و لە ئاکامدا 12 کەس گیانیان لەدەسـتدا و 48 کەسی دیکە برینداربوون.

لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن تاوەکو بزانن ئایا ئەم تونسیـیە بەشداری لە تاوانکاریـیەکەدا کردووە یان نا.

جێی ئاماژەیە لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە ئەنیس دوای ئەنجامدانی هێرشەکە گەیشتووەتە شارێـکی هۆڵەندا لە نزیک سنووری ئەڵمانیا و لەوێوە بە پاس بەرەو شاری لیۆنی فەڕەنسا ڕۆیشتووە و پاشان لە شارۆچکەیەکی فەڕەنساوە بە شەمەندەفەر بەرەو شاری میلانی ئیتالیا ڕۆیشتووە بەر لەوەی پـۆلیسی ئیتالی لەوێ بیکوژن.

لێکۆڵەرەوان هەوڵ دەدەن بزانن چۆن ئەنیس توانیویەتی ئەو هەموو ڕێگەیە بە ئاسانی ببڕێت.