مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە سەرۆک جۆرج بوشی باوک ئەمڕۆ چوارشەممە لە کڵێسای کاتدرائی نیشتمانی لە واشنتنی پایتەخت بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەمی ئەمەریکا مەڵانیا ترامپ و چوار سەرۆکی پـێشوو و هاوسەرەکانیان لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەست و سیاسەتمەداری ئەمەریکایی و بیانی.
لە مەڕاسیمەکە چوار کەسی سەرەکی وتاری ماتەمینی خۆیان پـێشکەشکرد، لەوانە جۆرج بوشی کوڕ و ئالان سیمپـسۆن سیناتۆری پـێشووی ویلایەتی وایۆمینگ و براین مولڕۆنێ سەرۆک وەزیری پـێشووی کەنەدا و مێژوونووسی سەرۆکایەتی جۆن میچەم.
هاوکات 21 تۆپ تەقێنرا وەک بەشێک لە نیشاندانی ڕێز بۆ ئەو پـیاوەی کە بۆ دەیان ساڵ لە پـلە و پـۆستی جیاوازدا خزمەتی بە نیشتمان کردووە.
جگە لە سەرۆکەکانی پـێشوو، جێگرەکانی پـێشووی سەرۆکیش ئامادەبوون، ئەوانیش دان کوەیل و دیک چینی و ئال گۆر و جۆ بایدن. هەروەها جێمس بێکەر و کۆڵن پاوەڵ و کۆندەلیزا ڕایس وەزیرانی پـێشووی دەرەوە ئەوانیش بەشداریـیان لە پـرسەکەدا کرد.
شازادە چارڵزی بەریتانیا و ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و لیخ ڤالیسا سەرۆکی پـێشووی پـۆڵەندا ئەوانیش هاتبوون.
ئەمڕۆش وەک بەشێک لە ماتەمینی لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا کرا بە پشـووی فەرمی.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە بە فڕۆکەی سەرۆکایەتی تەرمی سەرۆک بوشی باوک لە شاری هیوستنی تەکساسەوە گەیشتە واشنتنی پایتەخت و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مەراسیمی ماڵئاوایی بۆ بەڕێوەچوو و ئەمڕۆش لەگەڵ تەواوبوونی مەراسیمەکە لە کڵێسای کاتدرائی نیشتمانی بە هەمان فڕۆکە بەرەو تەکساس دەبرێتەوە، تاوەکو لە سەنتەری کتێبخانەی سەرۆکایەتی جۆرج بوشی باوک لە شاری کۆلێژ ستەیشن لە پاڵ باربرای هاوسەری بنێژرێت کە لە مانگی چواری ئەمساڵدا کۆچی دواییـکرد و هەروەها لە پاڵ ڕۆبنی کچی کە لە تەمەنی سێ ساڵیدا لە ساڵی 1953بە نەخۆشی لوکیمیا گیانی لەدەست دا.