پـۆلیسی فەڕەنسا خوشکی داعشێـک لەگەڵ خێزانەکەی دەسـتگیردەکات

دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا خوشکی داعشێـکیان دەستگیرکردووە لە فڕۆکەخانەی شارل دی گولی پاریس پایتەخت پاش ئەوەی لە تورکیا گەڕاوەتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئەمڕۆ چوارشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت ئان کلان کە خوشکی فابیان کلانە شەوی سێشەممە لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵەکانی لە تورکیا گەڕاونەتەوە پاش ئەوەی لەوێوە چووبوون بۆ سوریا.

هاوسەرەکەی کە ناوی ئەلثانی محەمەدە و ڕەگەزنامەی تونسی هەیە لەگەڵ کوڕە گەورەکەی کە تەمەنی 16 سـاڵە ئەوانیش لەگەڵی دەسـتگیرکراون، بەڵام سێ منداڵی دیکەی بۆ دەزگای گرنگیدان بە منداڵان براون.

جێی وەبیرهێنانەوەیە فابیان کلان ئەو کەسەیە کە پەیوەندی بە داعش لە سوریا کردووە و لە تۆمارکراوێـکی دەنگیدا بەرپـرسیارێتی داعشی لە هێرشەکانی 13 ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووی پاریس ڕاگەیاند، ئەوەی تیایاندا 130 کەس کوژران و سەدانی دیکە برینداربوون.