فەڕەنسا بە نیازە ژمارەیەک لە منداڵانی داعشە فەڕەنسایـیەکان لە سوریا بباتەوە

فەڕەنسا دەڵێت بەنیازە ژمارەیەک لە منداڵانی چەکدارە فەڕەنسایـیەکانی ناو داعش بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی، ئەمەش پاش ئەوەی هێزە کوردیـیەکانی سوریا داوایان لە وڵاتان کرد خەڵکانی خۆیان بەرنەوە، ئەوانەی لە نێو داعشدابوون.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئەمڕۆ چوارشەممە لە زاری سەرچاوەیەکەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، گوتویەتی نزیکەی 150 منداڵ لە کەمپی کوردەکانی سوریادا هەن، باوک و دایکیان ڕەگەزنامەی فەڕەنسایـیان هەیە. گوتوشیەتی زۆربەی منداڵەکان تەمەنیان خوار 6 ساڵەوەیە و بەبێ ڕەزامەندی دایکیان نایانگێڕننەوە بۆ فەڕەنسا.

حکومەتی فەڕەنسا نایەوێت ئەو ژن و پیاوە فەڕەنسایـیانە بگەڕێنێتەوە کە لە نێو داعشدا بوون.

سەرچاوەکان لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا بە فڕانس پـرێسیان گوتووە، ئەوانە تاوانیان لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە، بۆیە دەبێت لەو دوو وڵاتە دادگایی بکرێن.

هێزە کوردیـیەکانی سوریاش لای خۆیانەوە دەڵێن زیاتر لە 900 چەکداری بیانی داعشیان دەستگیرکردووە کە خەڵکی 44 وڵاتن. دەشڵێن ئەمانە بوونەتە بارێکی گران بەسەر شانیان، بۆیە داوا لە وڵاتانە دەکەن هاوڵاتیانی خۆیان ببەنەوە و دادگاییان بکەن.

بەپـێی ئامارەکانی فەڕەنسا زیاتر لە 300 فەڕەنسایی کە چەکداری داعش بوون لە عێراق و سوریا کوژراون. دەشڵێن هێشتا ژمارەیەک فەڕەنسایی لە نێو داعش و هەیئەت تەحریر ئەلشام (بەرەی نوسرەی جاران) ماونەتەوە.