سەرۆکی تورکیا دەڵێت لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا باسی مەزڵوم عەبدی دەکات

سەرۆکی تورکیا دەڵێت لە میانەی سەردانەکەی بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا باسی مەزڵوم عەبدی فەرمادەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەنکەرە بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند" بە دۆکۆمێنت بۆ ئەمەریکایـیەکانی ڕووندەکەینەوە فەرهاد عەبدی شاهین تێرۆرستە و پەیوەندیکردنی ئەوان لەگەڵیدا کارێکی هەڵەیە."

گوتیشی نە ئەمەریکا و نە ڕووسیا نەیانتوانیوە هێزە کوردیـیەکان لە ناوچە سنووریـیەکانی سوریا لەگەڵ تورکیا دوربخەنەوە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەم بابەتە لەگەڵ دانۆڵد ترامپ و ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا تاووتوێ دەکات.

ئەردۆغان لە بەشێکی لێدوانەکانی گوتی هەروەها لە میانەی سەردانەکەی باسی فەتحوڵڵا گولەن دەکات، ئەوەی تورکیا بە هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکەی ساڵی 2016 تاوانباری دەکات. باسی لەوە کرد ئەنکەرە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ قایلکردنی واشنتن لەوەی گولەنیان ڕادەستبکات.