دادگایەکی میسر بڕیاری سزای مەرگ بۆ 12 کەس دەدات

دادگایەکی میسر بڕیاری سزای مەرگی بۆ 12 کەس دەرکرد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە هێرشێـکدا بۆ سەر بنکەیەکی پـۆلیس لە پارێزگای منیای باشوری وڵاتەکە لە ساڵی 2013 .

دادگای تاوانەکانی منیا ئەمڕۆ دووشەممە ئەم بڕیارەی دا لە دانشتنێـکدا بۆ دادگایی‌کردنی سەدان کەس لەسەر کەیسی ئەو هێرشەی لە ناوەڕاستی مانگی هەشتی ساڵی 2013 کرایە سەر بنکەی پـۆلیسی متای و سووتاندنی بنکەکە و کوشتنی عەقید مستەفا ئەلعەتار جێگری بەڕێوەبەری بنکەکە.

هەروەها دادگاکە سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ 140 کەسی دیکە دەرکرد، و 2 نێوجەوانیش سزای 10 ساڵ هێشتنەوە لە گرتووخانەی نێوجەوانان بۆ دەرکردن. بەڵام 238 کەسی دیکەی بە بێ تاوان ناودێریکردن.