ئەنجومەنی وەزیرانی میسر دەڵێت ڕەزامەندی لەسەر بڕیارەکەی سەرۆکی وڵاتەکەیان دەربڕیوە بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە سەرانسەری وڵاتەکە بۆ ماوەی 3 مانگ، ئەمەش پاش ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە دوو کڵێسا بە بۆمب کرانە ئامانج و لە ئاکامدا 44 کەس گیانیان لەدەسـتدا.
ئەنجومەنەکە لە بەیانـنامەیەکدا ئەمڕۆ دووشەممە ڕەزامەندیـیەکەی بۆ بڕیارەکەی سەرۆک عەبدول ئەلفەتاح ئەلسیسی ڕاگەیاند و نووسیوەیەتی" لە چوارچێوەی تەواوکردنی ڕێوشوێنە دەسـتوری و یاسایـیەکان، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە سەرۆکایەتی ئەندازیار شەریف ئیسماعیل ڕەزامەندی لەسەر بڕیارەکەی سەرۆک کۆمار بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە سەرانسەری وڵات بۆ ماوەی 3 مانگ ڕاگەیاند و لە کاژمێر یەکی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممەوە دەسـتپـێدەکات."
هەروەها تیایدا هاتووە" بە پـێی بڕیارەکە هێزە چەکدارەکان بە لەشکر و پـۆلیس و ئاسایش ئەرکی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە ئەستۆ دەگرن و ڕێوشوێنی پـێویست دەگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیـیەکان تێرۆر و پاراستنی ئاسایش و گیانی هاوڵاتیان و سەروەت و سامانی گشتی و تایبەت لە تەواوی وڵاتەکە."
دوو هێرشەکەی دوێنێی سەر کڵێسای مار جۆرجیس لە شاری تەنتا و کڵێسای مارکس لە شاری ئەسکەندەریـیە و بوونە کوژرانی 44 کەس و برینداربوونی 126 کەسی دیکە، وایان لە سەرۆکی میسر کرد باری نائاسایی لە وڵاتەکە ڕابگەیەنێت و بڕیار بدات هێزەکانی لەشکر لە پاڵ هێزەکانی پـۆلیس دامودەزگا گرنگەکانی وڵاتەکە بپارێزن. هەروەها بڕیاری دا ئەنجومەنێـکی باڵا دابمەزرێت بۆ نەهێشتنی توندڕەوی و تێرۆرزم لە میسردا.
بەپـێی دەستوری میسر دەبێت پەرلەمانیش لە ماوەی حەوت ڕۆژدا بڕیاری خۆی لەسەر ڕاگەیاندنی باری نائاسایی بدات.