دادگای پـیاداچوونەوەی میسر حوکمی لەسێدارەدانی 10 کەس پەسەند دەکات

دادگای پـیاداچوونەوەی میسر لە قاهیرە حوکمی لەسێدارەدانی 10 کەسی پەسەندکرد کە تاوانبارن بە کوشتنکاریـیەکانی ساڵی 2012 ی نێو یاریگای تۆپی پـێی شاری پـۆرسەعید، ئەوەی کوژرانی زیاتر لە 70 کەسی لێکەوتەوە.

دادگاکە ئەمڕۆ دووشەممە تانەی ئەم تاوانبارانەی ڕەتکردەوە و حوکمی دادگای تاوانەکانی پـۆرسەعیدی لە دژیان پەسەندکرد کە لە 9 ی مانگی شەشی ساڵی 2015 دەرچوو و تیایدا بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردبوون.

هەرچەندە دادگای پـۆرسەعید بڕیارەکەی بۆ 11 تاوانبار دابوو، بەڵام دادگای پـیاداچوونەوە هیچ بڕیارێـکی لە بارەی تاوانباری یازدەهەم نەدا، بەو پـێـیەی هێشتا دەسـتگیرنەکراوە.

هەروەها دادگاکە حوکمی زیندانی 41 تاوانباری دیکەی پەسەندکرد بە تۆمەتی جۆراوجۆر، لەوانە هەوڵی کوشتن و هێرشکردن و دزی و تێکدانی شوێنی گشتی و ئاژاوەنانەوە. سزاکانیان لە نێوان 15 بۆ یەک ساڵ زیندانین. دوو ئەفسەری گەورەی پـۆلیس و دوو بەرپـرسی یانەی پـۆرسەعید لە نێویاندان.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 1 ی مانگی دووی ساڵی 2012 لە یاریگای شاری پـۆرسەعید یاریـیەک لە نێوان هەردوو یانەی ئەلئەهلی و پـۆرسەعید بەڕێوەچوو، بەڵام توندوتیژیـیەکی گەورەی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە 74 کەس کوژران کە زۆربەیان لە هاندەرانی یانەی ئەهلی بوون، هەروەها سەدان کەسی دیکە برینداربوون. ئەمە بە خوێناویترین ڕووداوی نێو گۆڕەپانی یاریـیەکانی میسر دادەنرێت.