وەزارەتی ناوخۆی میسر دەڵێت 5 چەکداری تێرۆرستیان کوشتووە پاش ئەوەی هێرشیان کردبووە سەر هێزەکانی ئاسایش لە ڕۆژئاوای ناوچەی ئەلعەریشی سینا.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر فەیسبوکەکەی نووسیویەتی چەکدارە تێرۆرستەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشەکەیان ئەنجامدابوو و بەهۆیەوە 2 پـۆلیس و 6 سەرباز کوژراون.
سەرچاوەیەک لە تەندروستی میسر بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوت 8 کوژراو و 3 بریندار بۆ نەخۆشخانەی عەریشی حکومی براون و هەموویان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوەندی بوون.
کاربەدەستانی ئاسایشی دەڵێن تێرۆرستەکان لەو کاتەدا هێرشەکەیان ئەنجامدابوو کە خەڵکی نوێژی بەیانیان دەکرد.
داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و دەڵێت چەکدارەکانی دوو بۆمبی چێنراویان بە دوو ئۆتۆمبیلی لەشکر تەقاندووەتەوە لە ناوچەی مەیدان لە ڕۆژئاوای عەریش.