دانمارک دەڵێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە دژی داعش، ئەرکەکانی خۆی زیاتر دەکات و جگە لە عێراق لە سوریاش بەشداری شەڕەکە دەکات.
پەرلەمانی دانمارک ئەمڕۆ سێشەممە بە دەنگی 90 بەرامبەر 19 بڕیارێـکی پەسەندکرد بۆ ڕەوانەکردنی 7 فڕۆکەی جۆری F16 و فڕۆکەیەکی گواستنەوەی جۆری C-130J لەگەڵ 60 سەربازی هێزی تایبەت و تاقمێـکی 400 کەسی بۆ پشـتیوانیکردن لە ئەرکەکە.
بەپـێی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز لەو حەوت فڕۆکەیە چواریان لە کارکردندا دەبن و سیانەکەی دیکەیان وەک یەدەک دەمێنـنەوە. فڕۆکەی گواستنەوەکەش بۆ ناردنی کۆمەک و پـێداویستی بۆ هێزە هاوپەیمانەکان بەکاردەهێنرێن لەگەڵ گەیاندنی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی خەڵکی سیڤیل.
دانمارک لەسەر داوای ڕاستەوخۆی فەڕەنسا و ئەمەریکا پەرە بە ئەرکەکەی خۆی دەدات. بەڵام هێشـتا ڕوون نیـیە کەی دەسـتبەکاردەبن.
جێی ئاماژەیە دانمارک هەتا ئێسـتا تەنیا لە عێراق بەشداری لە شەڕی دژی داعش کردووە.