سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت هەواڵی گرنگ لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دەبەستێت بە مەبەستی ڕاگەیاندنی هەواڵی گرنگ لە بارەی جۆرە نوێـیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا COVID-19 کە بە ڤایرۆسی چینی ناودێری دەکات.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسی"ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدەمبۆ قسەکردن لەسەر هەواڵی زۆر گرنگ لە بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا FDA لە بارەی ڤایرۆسە چینیـیەکەوە."

پاشان لە نووسینێکی دیکەیدا دەڵێت" هەمیشە بە ئەوپەڕی ڕژدیـیەوە مامەڵەم لەگەڵ ڤایرۆسی چینی کردووە، وە هەر لە سەرەتاوە کاری زۆر باشم ئەنجامداوە، لەوانە زوو بڕیاردان بۆ داخستنی "سنوورەکان" لە چینەوە -هەرچەندە دژی خواستی نزیکەی زۆربەیان بوو. ژیانی زۆر کەس ڕزگارکران. ئەو هەواڵە درۆیە نوێـیەی باس دەکرێت قێزەون و مەترسیدارە!"

هەندێک لە ئەمەریکایـیەکان ڕەخنە لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەگرن و دەڵێن دەبوایە زووتر ڕێوشوێنی پـێویست بگیرانایەبەر بەر لەوەی نەخۆشیـیەکە بە وڵاتەکەدا بڵاوببێتەوە.

لە ئێستادا لە هەر 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆرۆنا تۆمارکراوە. بەپـێی دوایـين ئامار هەتا ئێستا لە سەرانسەری ئەمەریکا 7301 کەس تووشبوون، لەوانە 116 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسیان باری تەندروستیان خراپە و 106 کەسیان چاکبوونەتەوە.