تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەگێکی ماڵی

سەگێکی ماڵی لە هۆنگ کۆنگ تاقیکردنەوەی پـزیشکی بۆ کراوە و دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە پاش ئەوەی خاوەنەکەی تووشی نەخۆشیـیەکە بووە.

حکومەتی هۆنگ کۆنگ ئەمڕۆ هەینی لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ گوتویەتی سەگێکی ماڵی تاقیکردنەوەی پـزیشکی بۆ کراوە دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری COVID-19 ، ئەوەی هەتا ئێستا زیاتر لە 2800 کەسی لە سەرانسەری جیهان کوشتووە.

وەزارەتەکە دەڵێت لە 26 ی مانگ لە لایەن وەزارەتی تەندروستیـیەوە ئاگادارکراونەتەوە لە سەگەکە و ئەوانیش لە هەمان ڕۆژدا بردوویانە بۆ شوێنی تایبەت و نمونەیان لە دەم و لوتی وەرگرتووە و دەرکەوتووە بە شێوەیەکی ئاست نزم هەڵگری ڤایرۆسەکەیە هەرچەندە هیچ نیشانەکانی نەخۆشیـیەکەی پـێوە دیار نیـیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەکیان لە بەردەستدا نیـیە بیسەلمێنێت کە ئاژەڵانی ماڵی هەڵگری ڤایرۆسەکە ببنە سەرچاوە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ. بەڵام گوتیشیان سەگەکە دەخەنە ژێر چاودێری ورد و پـشکنینی دیکەی بۆ دەکەن هەتا بزانن ئایە تووشی نەخۆشیـیەکە بووە یان هەر ئەوەندە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە دەم و لوتی.

بەپـێی میدیاکان لە هۆنگ کۆنگ خاوەنی سەگەکە کە ژنێکەپـێشتر تووشی نەخۆشیـیەکە بووە، بۆیە گومان لە تووشبوونی سەگەکەی کراوە.