دەسەڵاتدارانی فەلەستین لە کەناری خۆرئاوا میوانداری بە هەزاران لە پەیڕەوانی مەسیح دەکەن

ئاهەنگەکانی بۆنەی کریسمس لە بەیت لەحم دەستیپێکرد. کوڕ و کچێکی دیدەوانی فەلەستینی بە بەرگی ئاڵ‌وواڵاوە بە گۆڕەپانی مانگەردا دەڕۆن و ڕووبەڕووی درەختێکی گەورەی کریسمس دەبنەوە کە لەبەردەم کڵێسای بەیت لەحم دانراوە ، ئەوەی بە شوێنی لەدایکبوونی مەسیح دادەنرێت.

نمایشەکە لە نزیک نوسراوێک بەڕێوەجوو کە دەڵێت " نوێژ و نزا بۆ ئازادیی فەلەستین بکەن."

میوانان لە سەرانسەری جیهانەوە سەردانی ئەم کڵێسا دێرینە دەکەن.

دینا بریسکن کە خەڵکی ستانی ئۆهایۆی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت: بێنە بەرچاوی خۆت کە 2000 ساڵ لەمەوبەر حەزرەتی مەسیح لێرەدا لەدایکبووە و لە خاتو مریەمی دایکی کە کچ بووە و یوسفی باوکی ، ئەوەی روویدا موعجیزە و ئەوپەڕی مایەی سەرسوڕمان بوو. من زۆر کامەرانم.

ئەم ساڵ ژمارەی ئامادەبووان لە ساڵی رابردوو زۆر زیاترە ، ساڵی پار بەهۆی نائارامیەوە کەسانێکی زۆر ئامادەی بۆنەکە نەبوون. قائیمقامی بەیت لەحم " ئەنتۆن سەلمان" بە دەنگی ئەمەریکای گوت " دەبێت ئۆرشەلیم ببێتە پایتەختی دەوڵەتی فەلەستینی و دەڵێت:

"بەوەی سەرۆک ترەمپ کردی رۆڵی خۆی وەک ناوبژیوان لەدەستدا، من بڕوام وانیە کە سیاسەتی سەرۆک ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەربکەوێت یان ئاشتی سەرلەنوێ ببوژنێتەوە.

هاوکات قائیمقامی بەیت لەحم دەڵێت " ئەم شارۆچکەیە هەمیشە پەیامێکی بۆ جیهان هەیە کە بەندە لەسەر هیوا و گەڕان بەدوای ئاشتی و دادپەروەریدا. لە خاکی پیرۆزدا ئاین و سیاسەت هەرگیز لە یەکەوە دوور نەبوون.