دادگایەکی چین بڕیاری زیندانی 12 ساڵی بۆ چالاکوانێک دەرکردووە

دادگایەکی چین بڕیاری 12 ساڵ زیندانی دەرکرد بۆ چالاکوانانێکی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش بە تۆمەتی پـێدانی زانیاری دەوڵەت بە لایەنێکی بیانی.

ماڵپەڕی دادگای میانیانگ لە ناوچەی سیچوان ئەمڕۆ دووشەممە نووسیویەتی (هوانگ چی) تەمەن 56 ساڵ لەسەر ئەو تۆمەتە زیندانی دەکرێت، بەڵام ئاماژەی بۆ لایەنە بیانیـیەکە نەکرد.

هوانگ چی لە ساڵی 1998 سەنتەرێکی بۆ مافەکانی مرۆڤ دامەزراند و لە ماڵپەڕی ئەو سنتەرەوە بەسەرهاتی ئەو کەسانەی دەخستە ڕوو کە دەڵێن لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە مافەکانیان پـێشێلکراوە. لەسەر ئەم کارەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور خەڵاتی Cyberfreedom ی پێبەخشی.

ئەم چالاکوانە چینیـیە پـێشتر دوو جار زیندانی کراوە، لەوانە ساڵی 2008 پاش ئەوەی داکۆکی لە کەسوکاری ئەو منداڵانە کرد کە بەهۆی بومەلەرزە بەهێزەکەی ناوچەی سیچوان گیانیان لە دەست دا لە ژێر داروپەردوی قوتابخانەکانیان.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان قوتابخانەکان بە خراپی دروستکرابوون، بۆیە بەرگەی بومەلەرزەکەیان نەگرت و ڕووخان و لە ئەنجامدا بە هەزاران خوێندکار گیانیان لەدەست دا. حکومەتی چین ئەنجامی هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەم بارەیەوە ڕانەگەیاند و کەسیشی لەسەر سزا نەدا.