دادگای دەستوری ئیسپانیا بڕیاری دا پەرلەمانی کەتەلۆنیا ڕۆژی دووشەممە بۆ سەربەخۆیی کۆنەبێتەوە

دادگای دەستوری ئیسپانیا بڕیاری دا ئەو دانیشتنە سازنەکرێت کە پەرلەمانی کەتەلۆنیا بەنیازە ڕۆژی دووشەممە بۆ سەربەخۆیی هەرێمەکەیان سازیبکەن.

دادگای دەستوری ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر ماڵپەڕی خۆی دەقی بڕیاری دادگاکەی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت لەسەر سکاڵای سۆشیالستەکانی نێو پەرلەمانی کەتەلۆنیا بڕیاریان داوە پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا ئەو دانیشتنە سازنەکات.

هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە ئەگەربێت و خانم کارمی فۆرکادیل سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا دانیشتنەکە سازبکات، ئەوا دووچاری سزای یاسایی دەبێتەوە لە ئەنجامی پشتگوێخستنی ئەم بڕیارە.

بەڵام حکومەتی کەتەلۆنیا و زۆرینەی سەربەخۆیی‌خوازەکانی نێو پەرلەمانی هەرێمەکە کە 72 پەرلەمانتارن لە کۆی 135 پەرلەمانتار، پـێشتریش ئەو بڕیارانەی دادگای دەستوریـیان ڕەتکردووەتەوە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان بە نادەستوری ناودێرکردبوو.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 1 ی مانگی دە ڕیفراندۆمەکەی کەتەلۆنیا بۆ سەربەخۆیی ئەنجام درا و ڕێژەی بەشداری تیایدا نزیکەی 42% بوو و زیاتر لە 90%ی بەشداربووان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.