ئازەربایجان تاقمی کەشتیـیەکی گواستنەوەی ئێران ڕزگاردەکات

وێنەی ئەرشیف

دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان دەڵێن ئەمڕۆ هەینی 9 کەسی تاقمی کەشتیـیەکی گواستنەوەی ئێرانیان ڕزگارکردووە پاش ئەوەی لە نێو دەریای قەزوین دووچاری گرفتبووە و داوای بەهاناچوونی کردبوو.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی ئازەربایجان گوتی 2 هەلیکۆپتەر و بەلەمێکی هێزی پاسەوانانی سنوور بەشداریـیان لە پـرۆسەی ڕزگارکردنەکەدا کردبوو.

ئاژانسەکە باسی لەوە نەکرد گرفتی کەشتیـیەکە چی بووە یان چی بارکردووە و بەرەو کوێ بە نیازبووە بیبات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی مێهری ئێرانی گوتی کەشتی (شەباهەنگ) لە نزیک بەندەری لینکورانی ئازەربایجان لایەکی نوقمی ئاوبووە. وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت ئەوە کەشتیـیەکەیە لە پاڵ بەندەرەکە.