دەسـتپـێکردنی کۆنگرەی G20 لە ئەرجەنتین

کۆنگرەی ڕێبەرانی وڵاتانی G20 ئەمڕۆ هەینی لە بۆینس ئایرێس پایتەختی ئەرجەنتین دەسـتیپـێکرد بە بەشداری دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

سەرەتای کۆنگرەکە بە تەوقەی نێوان ڕێبەرانی وڵاتان دەستیپـێکرد. لەو تەوقانەی جێی سەرنج بوون، ئەوانەی نێوان شازادەی جێنشینی سعودیـیە محەمەد بن سەلمان لەگەڵ هەریەک لە ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا بوو، ئەمەش لەم کاتەی عەرەبستانی سعودیـیە دووچاری ڕەخنەیەکی زۆربووەتەوە لەسەر کوشتنی جەمال خاشقچی نووسەر و ڕۆژنامەوانی سعودی لە کونسوڵخانەی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ.

ماوریسیۆ ماکری سەرۆکی ئەرجەنتین وتارێکی پـێشکەشکرد و تیایدا جەختی کردەوە سەر گرنگی کۆنگرەکە و گوتی گەشبینە بەو ئەنجامانەی ڕێبەرانی وڵاتانی بەشدار تیایدا پێی دەگەن.

میدیاکان لە چاوەڕوانی ئەو کۆبوونەوەیەن کە بڕیارە لە نێوان سەرۆک ترامپ و شی جین پینگ سەرۆکی چین، ئەمەش لە پاش ئەو گرژیانەی کەوتوونەتە نێوان هەردوو وڵات لەسەر بابەتە ئابوریـیەکان.

جگە لەم ڕێبەرانە، هەریەک لە تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا و ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیری ژاپـۆن و نارندرا مودی سەرۆک وەزیری هیندستان بەشدارن.

ئەنگێلا مێرکڵ یەکێک دەبێت لەو ڕێبەرانەی ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ سەرۆک ترامپ کۆدەبێتەوە.

کۆنگرەکە دوو ڕۆژ درێژەدەکێشێت و سبەی شەممە بە کۆتایی دێت.