دەستەیەکی کڕیاری چینی ڕەخنە لە کۆمپانیای ئەپڵی بەرهەمهێنەری ئایفۆن دەگرن بەهۆی کێشەی پاراستنی زانیارییەکانی ئەم دواییانەی. ژمارەیەک لە کڕیارانی چینی دەڵێن ئەو کێشەیە کاری کردۆتە سەریان و بەهۆیەوە زیانی داراییان پێکەوتووە پاش ئەوەی ناسنامەی ئەپڵیان دزراوە.
لە سەرەتای ئەم مانگە کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەکانی ناوخۆیی ئەوەی دەرخستووە ئەکاونتەکانی ژمارەیەکی کەمی بەکارهێنەر دزراون، ئەمەش بەهۆی هەڵەیەک بووە لە سێتینگەکەیان.
ئەو کۆمپانیا ئەمەریکاییە، کە ژمارەیەکی زۆری بەرهەمەکانی لە چین دروست دەکات و دەفرۆشێت، ئەوەشی ڕاگەیاند بەهۆی ئەم هەڵەیەوە زۆرێک بەهەلیان زانیوە بە ساختە داوای ئەو پارانەیان بکەنەوە کە بەکاریان هێناوەو گوتویانە ئەوان نەبوون.
ڕێکخراوی کڕیاری چینی لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕی خۆی ڕایگەیاندووە نابێت ئەپڵ خۆی لە بەرپرسیارێتییەکانی لابدات و پێویستە بە تەواوەتی قەرەبوی کڕیاران بکاتەوە.
ڕێکخراوەکە دەڵێت " ئەپڵ نابێت تاوانەکە بخاتە سەر کەسانی تر، و بابەتی پاراستنی تایبەتمەندییەکان بە کەم بزانێت."
ئەم بابەتەش بوو بە یەکێک لە پڕخوێنەرترین بابەتەکانی ڕۆژی هەینی لە چین.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز