هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و فەڕەنسا ستایشی ئەو سەربازانەیان کرد کە بەشداریـیان لە هێرشەکەی نۆرماندیدا کردبوو، ئەوەی لە 6 ی مانگی شەشی ساڵی 1944 کرایە سەر نازیـیەکان لە کەنارەکانی باکوری ڕۆژئاوای فەڕەنسا.
ئەمڕۆ پـێنجشەممە و لە 75 هەمین ساڵیادی دەستپـێکردنی هێرشەکە، مەراسیمێک لە گۆڕستانی نۆرماندی لە ناوچەی (کۆلۆڤیل سوغ مێغ) ی فەڕەنسا بەڕێوەچوو کە لەوێ تەرمی زیاتر لە 9 هەزار سەربازی ئەمەریکایی بە خاک سپـێردراون.
سەرۆک ترامپ وتارێکی بەو بۆنەیەوە پـێشکەش کرد و گوتی ئەو سەربازانەی بەشداریـیان لەو هێرشەدا کرد لە هەرە کەسە مەزنەکانی ئەمەریکا بوون. گوتیشی 10 هەزار پـیاو گیانی خۆیان بەختکرد نەک تەنیا لەبەر هاوڕێـکانیان یان لەبەر وڵاتەکانیان، بەڵکو لە پـێناو پاراستنی ئازادی بووە.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها گوتی ئەو پەیوەندیـیەی لە نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە گەرمەی شەڕی جیهانی دووەم دروستبوو، هەرگیز ناکرێت هەڵبوەشێتەوە.
سەرۆکی فەڕەنسا لای خۆیەوە گوتی"ئێمە خۆمان دەزانین چەندە قەرزاری ئێوەی سەربازی دێرینین، ئەویش ئازادیـیەکەمانە، بە ناوی وڵاتەکەمەوە سوپاستان دەکەم."
گوتیشی ئەمەریکا بەوە زۆر مەزنە کە لە پـێناو بەها جیهانیـیەکاندا شەڕ دەکات.
پاشان سەرۆکی فەڕەنسا مەدالیای لیژیۆن دۆنێغی بەخشیـیە 5 سەربازی دێرینی ئەمەریکا.
جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیری کەنەدا، ئەویش بەشداری لە مەراسیمەکەدا کرد و لە وتارەکەیدا ستایشی ئەو سەربازانەی کرد کە لە شەڕەکەدا بەشداریـیان کردبوو، بە تایبەتی کەنەدیـیەکان و گوتی بە هەزارانیان نەگەڕانەوە نیشتمان.
گوتیشی ئەرکی هەموو کەنەدایـیەکە ئەم بەسەرهات و قوربانیـیانە لە یاد نەکرێت.