کاندیدێکی دیکەی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان دەکوژرێت

کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە هەرێمی هێلمەند 4 کەس کوژراون کە یەکێکیان کاندید بوو بۆ هەڵبژاردنە گشتیـیەکانی بڕیارە لە 20 ی ئەم مانگی دەیە لە وڵاتەکە بەڕێوەبچێت.

عومەر ژواک گوتەبێژی هەرێمی هێلمەند بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئەمڕۆ چوارشەممە لەو کاتەی جەبار قەهرەمان سەرقاڵی هەڵمەتی هەڵبژاردن بوو و قسەی بۆ لایەنگرانی دەکرد لە بارەگاکەی لە شاری لەشکرگاهی پایتەختی هەرێمەکە، بۆمبێک کە لە ژێر قەنەفەیەک شاردرابووەوە تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا خۆی و سێ کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.

ئەحمەد بەرمەک وەزیری ناوخۆ گوتی 7 کەسی دیکە برینداربوون و پـۆلیس 3 کەسی گومانباری دەسـتگیرکردووە.

تاڵیبان دەسـتبەجێ بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و لە ڕێگەی تویتەرەوە نووسیویەتی لە ئەنجامی تەقینەوەکەی جەبار قەهرەمان کوژراوە و 6 پاسەوانیشی برینداربوون.

جێی ئاماژەیە جەبار قەهرەمان جەنەڕاڵێکی پـێشووی لەشکری ئەفغانستان بوو و ساڵی 2016 لە لایەن ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستانەوە ڕەوانەی هەرێمی هێلمەند کرا تاوەکو یارمەتی بدات لە شەڕی دژی تاڵیبان.

لەوەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دەسـتیانپـێکردووە ئەمە دەیەم کاندیدە لە سەرانسەری ئەفغانستان و دووەم کاندیدە لە پایتەختی هێلمەند بکوژرێت.