گەورە سەرکردەیەکی قاعیدە لە ئەفغانسـتان دەکوژرێت

لەشکری ئەمەریکا ڕایگەیاند لە سەرەتای ئەم مانگە بە هێرشێـکی ئاسمانی لە ئەفغانسـتان گەورە سەرکردەیەکی قاعیدەی کوژراوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی لە 11 ی مانگی حەوتدا بە هێرشێـکی ئاسمانی لە پارێزگای پاکتیای نزیک سنووری پاکسـتان ئەبو خەلیل ئەلسودانی سەرکردەی مەیدانی قاعیدە و 2 چەکداری کوژراون.

لە بەیانـنامەکەشدا هاتووە، ناوبراو بەرپـرسی تەقینەوە و کارە خۆکوژیـیەکان بووە و هەروەها ڕۆڵی بینیوە لەو هێرشانەی کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و ئەفغانسـتان و پاکستان. پـێشـبینی دەکرێت بە کوژرانی سودانی ڕێژەی هێرشە تێرۆرستیـیەکانی قاعیدە لەسەر ئاستی جیهاندا کەمببنەوە.