داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر مزگەوتەکەی کابول ڕاگەیاند

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لەو هێرشە خۆکوژیـیەی کرایە سەر مزگەوتێـکی شیعەکان لە کابولی پایتەختی ئەفغانسـتان کە بووە مایەی کوژرانی زیاتر لە 30 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە.

کاربەدەسـتانی ئەفغانی دەڵێن لە دەوری کاژمێر 1:30 ی پاش نیوەڕۆ کاتێـک خەڵکی بۆ مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن لە مزگەوتی باقر ئەلعلوم کۆبووبوونەوە، خۆکوژەکە خۆی کردووە بە مزگەوتەکە و خۆی تەقاندووەتەوە.

ڕاگەیاندنی داعش ناسراو بە ئەعماق بڵاویکردووەتەوە کە یەکێـک لە چەکدارەکانی هێرشەکەی ئەنجامداوە. لەوەتای مانگی حەوتەوە ئەمە سێـیەم هێرشی گەورەی داعشە لە دژی شیعەکانی کابول. لە دوو تەقینەوەکەی پـێشوو نزیکەی 100 کەس کوژران.

تاڵیبان لای خۆیەوە ڕەتیکردەوە دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت. گوتەبێژەکەیان ڕایگەیاند هێرشکردنە سەر مزگەوتەکان لە ئەجیندای ئەوان نیـیە.