گەورە دیپلۆماتی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بە ئاشکرایی داندەنێت بەوەی قەدەغە خراوەتە سەر هاوڵاتیانی پاکستانی لەوەی سەردانی میرنشینەکان بکەن و تا ئێستاش هیچ ڕاڤەیەک بۆ ئەم بڕیار و هەڵوێستە لە ئارادا نییە.
دەزگا و کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاریش دەڵێن ئەم بڕیارە گەشتیاران و کارگوزارانی دەیان وڵاتی موسڵمانیش دەگرێتەوە لە نێوەندی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەروەهاش ئاسییکردنەوەی پەیوەندییەکانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیلدا.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوشانە پاکستانییەکەیدا، شێخ عەبدوڵا بن زاید ئال نەهیان جەختی کردۆتەوە لەوەی وەک دەڵێت " کۆتوبەندە ئاساییەکانی ئەم دواییە لەسەر پێدانی ڤیزا بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆڤید 19وەیە." وەک ئاژانسی فەرمی دەنگ و باسی میرنشینەکان بڵاویکردۆتەوە.
وەزیری دەرەوەی میرنشینەکان هیچ زانیاری و وردەکارییەکی زیاتری باس نەکردووە، لە کاتێکدا ئەم بڕیاری قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا توڕەیی و ناڕەزایی ئەوانەی لێکەوتۆتەوە کە دەیانەوێت بچنە ئەو 7 وڵاتەی میرنشینەکان پێکدەهێنن کە ژمارەی خەڵکی بیانی تیایدا زۆر زیاترە لە ژمارەی هاوڵاتیانی خۆی.
قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا وڵاتانی وەک لوبنان و کینیا و ئێران و سوریا و ئەفغانستان و یەمەن دەگرێتەوە و بڕیارەکەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی گەشتیاری بە پاسپۆرتی ئیسرائیلییەوە بۆ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، پاش ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان.