لەگەڵ ناشتنی فەخریزادە داواش دەکرێت ڕێگە بە پشکنەرانی نێونەتەوەیی نەدرێت لە ئێراندا

ئێران لە مەڕاسیمێکدا وەک گەورە شەهیدێک تەرمی موحسن فەخریزادە، زانای ئەتۆمی بە خاک دەسپێرێت.

تاران کوشتنی ئەو زانا ئەتۆمییەی لە ئەستۆی ئیسرائیل ناوە.

فەخریزادە، ڕۆژی هەینی لە نەخۆشخانە مرد بەهۆی سەختی برینەکانییەوە پاش ئەوەی هێرشبەران ئۆتۆمبێلەکەیان کردبووە ئامانج لە دەرەوەی شاری تاران و لەگەڵ پاسەوانەکانیدا دەبێتە شەڕە تەقە، بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ئێران.
ئەم ڕووداوە پشێوی و ئاڵۆزییەکانی لە نێوان ئێران و نەیارەکانیدا گەرم کردەوە.

تەلەفزیۆنی ئێرانی ژمارەیەک گەورە کاربەدەستی ئێرانی نیشانداوە، بەشدارییان لە مەڕاسیمی بە خاک سپاردنەکەدا کردووە، لەوانە ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگری ئێران، حوسەین سەلامی، سەرکردەی هێزی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی.

لەو مەڕاسیمی بە خاک سپاردنەدا کە لە وەزارەتی بەرگرییەوە دەستی پێکردووە، وەزیری بەرگری ئێران دەڵێت "ئەگەر هاتبا و دوژمنانمان ئەم تاوانە قێزەونەیان نەکردایە و خوێنی ئەم شەهیدەمانیان نەڕشتایە، ئەوا تا ئێستاش بە نەناسراوی دەمایەوە."

ئەمیر حاتەمی دەڵێت "دوژمنان پێویستە بزانن ئەمە یەکەمین شکستیانە."

لە وتارەکەیدا، وەزیری بەرگری ئێران جەختی لە بەرنامەی ناوکی ئێران کردەوە و دەڵێت "حکومەتی ئێران بڕیاری داوە تا بودجەی دەزگای لێکۆڵینەوە و داهێنان بکاتە دوو هێندە و بە هێزەوە بەردەوام بێت لەسەر ڕێبازەکەی فەخریزادە."

کوژرانی موحسن فەخریزادە، داواکانی بۆ وەڵامێکی بەهێزی لەناو ڕێبەرایەتی ئێراندا دروست کردووە و هەندێکیش داوا دەکەن هیچ وتووێژێکیش لەگەڵ ئەمریکادا نەکرێت، تەنانەت پاش کۆتاییهاتنی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپیش.

مەجلیسی شورای ئێران (پەرلەمان) ڕۆژی یەکشەممە داوای ڕاگرتنی پشکنینە نێونەتەوەییەکانی کردووە بۆ دامەزراوە ناوکییەکانی وڵاتەکە، ئەمەش ئەگەر کرا، ئەوا بە گورزێک دادەنرێت لەو ڕێککەوتنە ناوکییەی لە ساڵی 2015دا کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا مۆری کرد.

وەک بەشێک لە مەڕاسیمی بەخاک سپاردنی فەخریزادە، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە تەرمەکەی برابووە مەرقەدە پیرۆزە ئاینییەکان لە شارەکانی مەشهەد و قوم و هەروەها لە تارانیش برابووە مەرقەدەکەی ئایەتوڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران.