یو ئێن نیگەرانە لە بڕیارێکی ئیسرائیل

نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت بۆ فراوانکردنی ئۆردوگایەکی نیشتەجێبووە جووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و دەشڵێت تەنانەت دروستکردنی دەوڵەتێکی فەلەستینی پێکەوە بەستراو زۆر قورس دەکات.

نیکۆڵای میلادینۆڤ، دەڵێت "زۆر نیگەرانە" لەم بڕیارەی ئیسرائیل بۆ درێژەپێدانی دروستکردنی خانوبەرەی زیاتر لەو ئۆردوگایەدا.

ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل دەشێت توڕەیی و ناڕەزایی بەڕێوبەرایەتی داهاتووی ئەمریکای بە دوادا بێت کە دژی فراونکردنی ئۆردوگاکانە و هیوایشی وەهایە دانوستاندنەکان لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت ببوژێنێتەوە.

وەزارەتی نیشتجێکردنی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی، ڕایگەیاند کە تەندەرەکان وەردەگرێت بۆ دروستکردنی زیاتر لە 1200 خانوی نوێ لە ئۆردوگای گیڤات هاماتۆس.

ئەم پڕۆژە نوێیە، ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم زیاتر دادەبڕێنێت لە شاری بەیت لەحم لە کەناری ڕۆژئاوا.

میلادینۆڤ دەڵێت "ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بکرێت ئەوا ئۆردوگاکان دەبنە بازنەیەکی تۆکمە لە نێوان شارەکانی ئۆرشەلیم و بەیت لەحم لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراودا."

دەسەڵاتی فەلەستینییەکان و بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپاش ڕەخنە و ناڕەزاییان هەبووە بەرامبەر بەو هەنگاوە. فەلەستینییەکان دەخوازن ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و هەروەهاش ناوچەکانی کەناری ڕۆژئاواش کە ئیسرائیل لە ساڵی 1967دا داگیریکردوون بەشێک بن لە وڵاتی ئایندەیان و ئۆردوگاکانی نیشتەجێکردنیش بە تەگەرەیەکی سەرەکی بەردەم ئاشتی دادەنێن.