داعش بەرپرسیارێتی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ کوژرانی ئەفسەرێکی هێزی پاسەوانی نیشتمانی و برینداربوونی ئەفسەرێکی تر لە وڵاتی تونس.
درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە، بە چەقۆ ئەو هێرشانە کرابوون لە شاری سوسە، کە شارێکی بەندەرییە لە وڵاتی تونس.
هیزی پاسەوانی نیشتمانی دەڵێت 3 هێرشبەرەکە کوژراون و هێرشەکەشی بە کارێکی تێرۆریستی ناودێر کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی داعش لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت، چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئەو هێرشەیان کردووە.
دەسەڵاتدارانی تونس دەڵێن 7 کەسیان لە پەیوەندی بەو هێرشەوە دەستگیرکردووە و دەشڵێن یەکەم جار هێرشبەرەکان بە ئۆتۆمبێل لە ئەفسەرەکانیان داوە و ئەوجا بە چەقۆش لێیان داون.
خالید هەیونی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تونس دەڵێت، ڕەوشی تەندروستی ئەفسەرە بریندارەکە، جێگیرە.
لە ڕۆژی یەکشەممەوە تا ئێستا لێکۆڵینەوە لە 43 کەس کراوە و 7 کەس دەستگیرکراون ، بەپێی لێدوانی وتەبێژی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی تونس، هاوسەری یەکێک لە هێرشبەرەکان لە نێو گیراوەکاندایە و دەشڵێت لە کاتی لێکۆڵینەوەدا مێردەکەی بە شەهید ناوبردووە.
ئەم هێرشەی ڕۆژی یەکشەممە لە تونس، نزیک لە شوێنی هێرشە خوێناویەکەی ساڵی 2015 بووە کە تیایدا 38 کەس کوژران و زۆربەشیان هاوڵاتی بەریتانیایی بوون.