وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی یۆنان و تورکیا دەکات وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی ئاستی پشێوی و ئاڵۆزی ئەو دوو وڵاتە دراوسێیەی هاوپەیمانن لە ناتۆدا.
کێشەی نێوان تورکیا و ئانکەرە، بەهۆی گەڕانی ئانکەرەوەیە بە شوێن سوتەمەنیدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.
ئەم سەردانەی ئەمڕۆ سێشەممەی هایکۆ ماس هاوکاتە لەگەڵ ئەو مانۆڕە سەربازییەی یۆناندا کە هێزەکانی دەریایی و ئاسمانی تیایدا بەشدارن لە باشوری ڕۆژهەڵاتی هەردوو دووڕگەی کریت و کاستیلوریزی یۆنانی لە دەریای ناوەڕاستدا. شوێنی مانۆڕەکەش نزیکە لەو شوێنەی تورکیا کەشتی ئۆرۆتوش ڕەئیس و چەند کەشتییەکی جەنگیشی ناردووە بۆ گەڕان بە شوێن سوتەمەنیدا.
وەک وەڵامێکیش بەرامبەر ئەو هەنگاوەی تورکیا، وڵاتی یۆنان تەواوی هێزە چەکدارەکانی خۆیی خستە باری ئامادەباشییەوە و ژمارەیەک کەشتی جەنگییشی نارد بە مەبەستی چاودێریکردنی کەشتییەکانی تورکیا.
ماس بەر لە سەردانەکەی بۆ ئەو دوو ووڵاتە، وتوویەتی تورکیا و یۆنان، دوو هاوپەیمانی ناتۆن و دەبێت چارەسەرکردنی کێشە مشتومڕ لە سەرەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، لەسەر بنچینەی یاسا نێونەتەوەییەکان چارەسەر بکرێن و لە ڕێی دیالۆگەوە.
وەزیری دەروەی ئەڵمانیا دەڵێت "ئەم پشێوی و ئاڵۆزیانە، هەر تەنها قورسایی ناخاتە سەر پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، بەڵکو زیان بە هەموو لایەک دەگەیەنێت."