دەسەڵاتدارانی ئاسایشی ئێران، دامەزرێنەری کۆمەڵەیەکی خێرخوای کاریگەری خوێندکاران دەستگیر دەکات و ئۆفیسی ئەو کۆمەڵەیە لە تاران دادەخات.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە تارانەوە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی دووشەممە چونەتە سەر ماڵی شارمین میمەندی نەژاد، دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵە خێرخواییە و دەستگیریان کردووە، هاوکات مورتەزا کیمنش، وتەبێژی کۆمەڵەکە و خانمە فەرمانبەرێکیش بە ناوی کتایون ئەفرازە، دەستگیرکراون.
ڕاپۆرتە هەواڵییەکان لە تاران وردەکاری و هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو 3 کەسەیان لە کۆمەڵەی ئیمام عەلی، باس نەکردووە.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، توندڕەوانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو ڕەخنەیان لەو کۆمەڵەیە دەگرت و بە خراپ بەکارهێنانی کار و چالاکییەکانی بۆ مەبەستی سیاسی و هەروەهاش بە ناوزڕاندنی ڕژێمی ئێران و کارکردن لەگەڵ وڵات و ڕێکخراوی بیانیدا گوناهباریان دەکرد.
بە گشتی خوێندکارانی زانکۆ و خەڵکی تری خۆبەخش لەو کۆمەڵەیەدا کار دەکەن بۆ یارمەتیدانی هەژاران و نەداران لە کاتی کارەساتە سروشتییەکانی وەک بومەلەرزە و لافاوەکاندا.
لەم ماوەیەی ڕابردوودا، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێران وتبووی؛ پێویستە ڕێکخراوە خێرخوا و ناحکومییەکان ڕێگە نەدەن "خەڵکی دەست پیس" بچنە پۆستە باڵاکانی بەڕێوەبردنی ئەو ڕێکخراوانە.
لە مانگی 5ی ڕابردوشدا، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاگاهیدابوو لەوەی وەک دەڵێت "دوژمنانی ئێران پیلان دەگێڕن و دابینکردنی دارایی بۆ ڕێکخراوە خێرخواکان بۆ مەبەستی دوژمنکارانە."
ئەم جۆرە گوناهبارکردنانە لە نێوەندی هەروادێ و زۆربوونی فشارەکانی ئەمریکادایە لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی سەپاندنی سزاکانەوە تا ئێران ڕەفتارەکانی خۆی بگۆڕێت.