ئیسپانیا دەستیکردوە بە کەمکردنەوەی بەربەستە توندەکانی داخستنی وڵات ئەوەی هاوڵاتیانی بۆ پتر لە مانگێک لە نێو ماڵەکانیاندا هێشتەوە وهەروەها چالاکی ئابوریشی سست کرد.
وەزارەتی تەندروستی ئسپانیا دەڵێت ژمارەی ئەوانەی بەهۆی کۆڤید 19وە گیانیان لەدەستداوە لەمڕۆ دووشەممەدا گەیشتۆتە 17 هەزار و 489 کەس، بەژمارەی ئەوانەشەوە کە لە 24 کاتژمێری ڕابردودا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیان 517 کەس بووە،هەروەها وەک لە ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە،کۆی 169 هەزار و 496 توشبووی بە پەتای کۆرۆنا پشتڕاست کراوەتەوە.
وەک نیشانەیەکی وەرچەخان لەوەی ڕەوشەکە بەرەو باشتر دەڕوات، ڕێگە بە هەندێک کارداری دراوە دەست بەکارەکانیان بکەنەوە لەوانە بیناسازی و کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاڵا.
بەڵام زۆربەی هاوڵاتیان هێشتا هەر لە نێو ماڵەکانیاندا ماونەتەوە، هەروەها دوکانەکان و باڕەکان و شوێنە گشتیەکان بەلای کەم هەتا 26 ئەم مانگە بەداخراوی دەمێننەوە.
لە ئیسپانیا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەمامکیان (ماسک) دەدایە ئەو کەسانەی لە سەنتەرەکانی گواستنەوەوە دەچوون بۆ سەرکارەکانیان.