سەرۆکی ڕوسیا لە دوورەوە کاری خۆی دەکات

کرملن ڕایدەگەیەنێت سەرۆکی ڕوسیا بڕیاری داوە لە دوورەوە کاری ڕۆژانەی خۆی بکات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

ئەم ڕاگەیاندنەی ڕۆژی چوارشەممەی کرملن، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی توشبوونی گەورە پزیشکی نەخۆشخانەی سەرەکی مۆسکۆیە بە کۆڤید 19.

دیمتری بیسکۆڤ، وتەبێژی کرملن دەڵێت ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا پێی باشترە لەم چەند ڕۆژەی ئایندەدا لە دوورەوە کار بکات.

ئەم ڕاگەیاندنەی بیسکۆڤ، تەنها چەند خولەکێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی نێوان پوتن و حکومەتی ڕوسیا بوو، بەڵام ئاماژەشی بەوەکرد کە کۆبوونەوەکە دەکرێت و لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە دەبێت.

بیسکۆڤ لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەشی بەوە کردووە کە هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگیرێنەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا.

ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیەندرا دکتۆر دینیس بروتسنکۆ، توشی کۆڤید 19 بووە. دکتۆر بروتسنکۆ سەرۆکی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی کۆمونارکا، دیارترین دامەزراوەی تەندروستی ڕوسیا بۆ چارەسەرکردنی ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.

ڕۆژی 24 ی مانگی 3، ڤلادمیر پوتن سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەی کردبوو، بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ڕەوشەکە.

بیسکۆڤ دەڵێت هەر هەموو ئەوانەش کە لەگەڵ پوتندا بوون لەو سەردانەدا، ڕۆژانە پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت، بۆ دڵنیابوون.

لە ڕۆژی دووشەممەوە، نیوەی دانیشتوانی ڕوسیا کەرەنتینە کراون وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە ڕوسیا بەپێی ئەوەی بە فەرمی ڕاگەیەندراوە، 2777 کەس هەڵگری ڤایرۆسەکەن و تا ئێستاش 24 کەس بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە.