هاوپەیمانێتى حیزبە کوردیەکانى کەرکوک لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەدایە

یەکلیستى حیزبە کوردیەکان لەکەرکوک بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگا، لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەدایە، بە تایبەت دواى کشانەوەى سۆسیالیست و گومانى حیزبەکان لەجدى بوونى پارتى بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتیەکەدا.

سەرەتاى ئەم مانگە، حیزبە کوردیەکان لەکەرکوک، لیستێکى هاوبەشیان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە ژێر ناوى "کەرکوک کوردستانیە"راگەیاند، بەڵام گومان لەسەر بەردەوام بوونى هاوپەیمانێتیەکە دروستبووە.

رەسوڵ رەئوف بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى حیزبى سۆسیالیست، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"ئێمە متمانەمان بەو یەک لیستیە نیە، چونکە پێشتریش بانگەشەى یەک لیستى کراوە و لەکاتى نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردنەکاندا، بەرژەوەندى حیزبەکان بە جیا بەشداریکردنى خواستووە، بۆیە یەک لیستیان تێکداوە."

وتیشى"یەک لیستى حیزبەکانى کەرکوک تەنها بۆ راگەیاندنە، ئەگینا ئەو لیستە نەوەى نوێ و هاوپەیمانى تێدا نیە، پارتیش تەنها لەرێگەى راگەیاندنەوە بانگەشەى بەشدارى کردووە."

لەبەرامبەردا، رەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"نوێنەرى سۆسیالیست لەکۆبوونەوەى حیزبەکاندا، پێیوتین:کاکە حەمەى حاجى مەحمود ئاگادارى کردوونەتەوە ، تا بەشدارى یەک لیستى بکەن."

وتیشى"نوێنەرەکەى سۆسیالیست لەزارى حەمەى حاجى مەحمودەوە، پێیوتین: هەرکەس و لایەنێک یەکڕیزى تێکبدات، خیانەتێکى گەورەى کردووە."

کشانەوەى سۆسیالیست لە لیستى هاوبەشى حیزبەکانى کەرکوک، لەکاتێکدایە نوێنەریان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا بەشداربوو، کە حیزبە کوردیەکان یەک لیستیان راگەیاند.

لەمبارەیەوە بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى حیزبى سۆسیالیست، وتى"ئەوە هەڵەبووە، خۆم وەکو کەسى یەکەمى سۆسیالیست لەو کۆبوونەوە بەشدار نەبووم."

گرفت دروست بوون بۆ یەکڕیزى حیزبە کوردیەکان، لەکاتێکدایە بەرەى عەرەبى لەکەرکوک، هاوپەیمانێتیەکى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ڕاگەیاند، بەپێى وتەى خۆیان، کەسانى ئەکادیمى و سەرۆک هۆز و کەسایەتیە دیارەکان بەشدارن تێیدا.

شێخ وەسفى عاسى سەرۆکى بەرەى عەرەبى، داواى هاوپەیمانێتى لە ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک کردووە، چونکە بە پێى وتەى ئەو"یەک لیستى، ناهێڵێت دەنگى عەرەب لەکەرکوک پەرتەوازە ببێت."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد