جێگرى فەرماندەى لیواى 3 هێزى پێشمەرگە لەسنورى پارێزگاى دیالە، دەڵێت جیاواز لە داعش، هێز و گروپى ترى چەکدار پەیدابوون و لە پاڵ داعشدا کارى گێرەشێوێنى ئەنجام دەدەن.
عەمید عیرفان حەمەخان، جێگرى لیواى 3 ى پێشمەرگە، لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، ئاماژەى بەوەکرد گوشارەکانى داعش پێشتر لەسەر دەوروبەرى کەرکوک و سنورى خورماتو بوو، بەڵام ئێستا گوشارەکانیان لەسەر خانەقین و جەلەولا چڕکردۆتەوە، وتى"چونکە لەسنورى خانەقین خاڵى لاواز هەیە، جا خاڵەکە لاوازەکە پەیوەندى بە هێزە ئەمنیەکان یاخود جوگرافیاى ناوچەکەوە هەبێت."
کەم شەو هەیە داعش لەسنورى جەلەولا و خانەقین هێرش نەکەنە سەر گوند و خاڵە سەربازیەکان، فەرماندەکەى پێشمەرگە هۆکارى ئەمە دەگێرێتەوە بۆ ئەوەى هێزە عێراقیەکان بەشەوان لەبارەگاکانیان دەمێننەوە دەرناچن، دەڵێت"داعش هێزەکانیان بۆ سەر گروپ دابەشکردووە، زیاتر شەوان هێرش دەکەن."
سەبارەت بە مۆڵگە و شوێنى مانەوەى هێزەکانى داعش لەرۆژدا، عەمید عیرفان وتى"داعش لەدەوروبەرى خانەقین و جەلەولا مۆڵگەیان هەیە و بەرۆژ تێیدا دەمێننەوە، چونکە هێزە عێراقیەکان ناچنە سەریان، لەکاتێکدا پێش 16 ى ئۆکتۆبەر ئێمە بەردەوام مۆڵگەکانیانمان تێکدەدا."
فەرماندەکەى پێشمەرگە، هاوڕایە لەگەڵ بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولادا، باسیلەوەکردبوو گروپ و هێزى جیا جیا لەناوچەکەدا پەیدا بوون و لەژێر ناوى داعش دا سەرانە و پارە لە خەڵک وەردەگرن،وتى"جۆرەها گروپ هەن کارى خراپەکارى دەکەن و لەسەر داعش ماڵن."
دەربارەى هەماهەنگى نێوان پێشمەرگەو سوپاى عێراق لە پارێزگاى دیالە، عەمید عیرفان حەمەخان روونیکردەوە ئەوان چاوەرێى رێککەوتنى نێوان وەزارەتى پێشمەرگەو بەرگرى عێراق دەکەن، تا لەهەموو میحوەرەکان هەماهەنگى دروست بکەن و ناوچەکە لە داعش پاک بکەنەوە.
بوونى گرفتى ئەمنى لەناوچەکانى سنورى کەرکوک و دیالە و خورماتو، لەکاتێکدا بریارە حکومەتى عێراق فیرقەى دژە تیرۆرى عێراق لەکەرکوک بکشێنێتەوە و هێزێکى تر جێگەى بگرێتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5
دڵشاد