سە‌ردانە‌کانى باڵیۆزى تورکیا بۆ کە‌رکوک بە‌"خۆهە‌ڵقورتاندن"لە‌کاروبارى شارە‌کە‌ ناودە‌برێت

ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا بۆ عێراق فاتیح یەڵدز

سە‌ردانە‌کە‌ى باڵیۆزى تورکیا لە‌ عێراق بۆ کە‌رکوک و ئامادە‌یى نیشاندانى وڵاتە‌کە‌ى بۆ نۆژە‌نکردنە‌وە‌ى بازارى قە‌یسە‌رى کە‌رکوک، کاردانە‌وە‌ى لاى لایە‌ن و پێکەهاتە‌کانى کە‌رکوک دروستکردووە‌.

ڕۆژى هە‌ینى، فاتیح یە‌ڵدزى باڵیۆزى تورکیا لە‌ عێراق، سە‌ردانى شارى کە‌رکوکى کرد و ئامادە‌ى وڵاتە‌کە‌ى بۆ نۆژە‌نکردنە‌وە‌ى بازارى قە‌یسە‌رى کە‌رکوک نیشاندا، کە‌ هە‌فتە‌ى ڕابردووه و بەهۆی ئاگرکە‌وتنە‌وە‌وە‌ تە‌واوى بازاڕە‌کە‌ سوتا.

ئە‌حمە‌د عە‌سکە‌رى ئە‌ندامى لیستى برایە‌تى لە‌ ئە‌نجومە‌نى پارێزگاى کە‌رکوک، سە‌ردانە‌کانى باڵیۆزى تورکیا لە‌ عێراق بۆ کە‌رکوک بە‌"خۆهە‌ڵقورتاندن"لە‌کاروبارى شارە‌کە‌ وە‌سف دە‌کات.

ناوبراو بە‌دە‌نگى ئە‌مە‌ریکاى ڕاگەیاند"تورکیا خۆى بە‌ خاوە‌نى کە‌رکوک دە‌زانێت بۆیە‌ هێندە‌ خۆیان لە‌مە‌سە‌لە‌کانى کە‌رکوک هە‌ڵدە‌قورتێنن."

یە‌کە‌م جار نییە‌ باڵیۆزى تورکیا لە‌ عێراق سە‌ردانى کە‌رکوک بکات، پێشتریش لە‌ڕۆژى جە‌ژندا سە‌ردانى ئە‌و شارە‌ى کردووە‌ و شارە‌کە‌ى بە‌"خاکى باوباپیرانى"وە‌سفکردووە‌.

لە‌تیف فاتیح فە‌رە‌ج نوسە‌ر و ڕۆژنامە‌نوس لە‌کە‌رکوک، ڕە‌خنە‌ى لە‌ بێدە‌نگى لایە‌نە‌ کوردى و عێراقیە‌کان گرت لە‌ بە‌رامبە‌ر سە‌ردانە‌ یە‌ک لە‌دواى یە‌کە‌کانى باڵیۆزى تورکیا بۆ کە‌رکوک، بە‌دە‌نگى ئە‌مە‌ریکاى وت"سە‌ردانە‌کانى باڵیۆزى تورکیا بۆ کە‌رکوک تە‌نها دە‌ستێوەردان نییە‌ ، بە‌ڵکو خۆ بە‌خاوە‌ن زانینى شارە‌کە‌یە‌."

ناوبراو وتیشى"لە‌هە‌مووى قورستر ئە‌وە‌یە‌، لایە‌نە‌ عێراقیە‌کان بێدە‌نگ و ڕازین لە‌بە‌رامبە‌ر ئە‌م خۆ بە‌خاوە‌ن زانینە‌ى کە‌رکوک لە‌لایە‌ن تورکیاوە‌."

ئامادە‌یى نیشاندانى تورکیا بۆ نۆژە‌نکردنە‌وە‌ى بازاڕى قە‌یسە‌رى کە‌رکوک، هۆکارە‌کە‌ى دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌ بۆ ئە‌وە‌ى کە‌ بازارە‌کە‌ لە‌ ساڵى 1855 و لە‌سە‌ردە‌مى عوسمانیە‌کان دا دروستکراوە‌.

محە‌مە‌د سعود بە‌رپرسى بە‌رە‌ى تورکمانى، ڕە‌تیکردە‌وە‌ سە‌ردانە‌کە‌ى باڵیۆزى تورکیا لە‌عێراق دە‌ستێوەردان بێت لە‌کاروبارى ناوخۆیى عێراق، بە‌دە‌نگى ئە‌مە‌ریکاى ڕاگە‌یاند"ئامانجى تورکیا لە‌ نۆژە‌نکردنە‌وە‌ى بازارە‌کە‌ و قە‌رە‌بووکردنە‌وە‌ى زیانلێکە‌وتوان گە‌یاندنى پە‌یامى برایە‌تى و پێکە‌وە‌ ژیانە‌."

لاى خۆشیە‌وە‌ نە‌جات حسێن ئە‌ندامى کوتلە‌ى تورکمانى (شیعە‌) لە‌ ئە‌نجومە‌نى پارێزگاى کە‌رکوک، لە‌ لێدوانێکدا بۆ دە‌نگى ئە‌مە‌ریکا بە‌پێویستى زانى حکومە‌تى عێراق بازارى قە‌یسە‌رى کە‌رکوک نۆژە‌ن بکاتە‌وە‌، نە‌ک تورکیا.