تۆمەتبارێکى ئەنفال لەزینداندا گیانى لەدەستدەدات

دواى مانەوەى بۆ ماوەى 4 ساڵ و 6 مانگ لە زیندان دا، ئەمڕۆ دووشەممە یەکێک لە مستەشارە تۆمەتبارەکانى دۆسیەى ئەنفال گیانى لەدەستدا.

عاسى محەمەد ئەو مستەشارەى سەردەمى بەعس بوو، کە 4 ساڵ لەمەوبەر بەبڕیارى دادوەرى لێکۆڵینەوەى کفرى و لەگەڵ دوو تۆمەتبارى تردا دەستگیرکران، کە لەوکاتەوە تا کاتى گیان لەدەستدانى لەزیندان دا هێڵرایەوە.

ڕائید عەلى جەمال قەدورى وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان، بەدەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"مستەشارەکە لەزینداندا جەڵتە لێیداوە، دواى گواستنەوەى بۆ نەخۆشخانەى سلێمانى بەدەست بەسەرکراوى گیانى لەدەستداوە."

ئەو 3 تۆمەتبارەى سەردەمى بەعس کە 4 ساڵ و 6 مانگ لەمەوبەر دەستگیرکران، پێشتر یەکێکیان ئازاد کراوە و بەمردنى عاسى محەمەدیش، ئێستا تەنها تایەر عوسمان لەزیندان دا ماوەتەوە.

شوان محەمەد ئەندامى لیژنەى داکۆکیکردن لەکەس و کارى ئەنفالکراوەکان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"حکومەتى هەرێم چەند تۆمەتبارێکى ئەنفالى گرتووە، کەچى بەشێکى تریان موچەو پاسەوان و ئیمتیازیان پێدراوە."

ژمارەى مستەشارە تۆمەتبارەکانى سەردەمى بەعس بەدۆسیەى ئەنفال نزیکەى 258 کەسە، کە ژمارەیەکیان لەژیان دا نەماون و ژمارەیەکى تریشیان لەکوردستانن و ئازادانە دەسورێنەوە، تەنها سێ کەسیان لێ دەستگیرکراوە و ماوەى 4 ساڵە بێ دادگایى کردن لەزیندان دا هێڵراونەتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر