کۆمەڵێک چەکدار 14 ئەندامی هێزەکانی ئێران لە ناوچەیەکی سنووری لەگەڵ پاکستان دەڕفێنن

Marzbani Iran Marz مرزبانی مرز

ئێران دەڵێت گروپـێکی تێرۆرستی توانیویەتی 14 کەسی هێزەکانی وڵاتەکەی بڕفێنێت لە گوندێکی نزیک سنووری پاکستان لە پارێزگای سیستان بلوچستانی باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی ئێران دەڵێت شەوی دووشەممە کۆمەڵێک تێرۆرست چوونەتە سەر بنکەیەکی چاودێری سەر سنوور لە گوندی لولەکدانی سەر بە ناوچەی میرجاوە و ژمارەیەک بەسیج و پاسەوانی سنووریان ڕفاندووە. دەشڵێت قەرارگای قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا گوتویەتی بنکەکە زۆر بە توندی پارێزراوە، بەڵام بەهۆی خیانەت و فریودانەوە توانراوە ئەو بەسیج و پاسەوانانە بڕفێنن.

داواشی لە حکومەتی پاکستان کرد ڕووبەڕووی ئەو گروپە ببێتەوە کە مۆڵگەیان لە نزیک سنووری هەردوو وڵات هەیە.

لە لایەکی دیکە یانەی ڕۆژنامەوانانی نێوجەوان کە ماڵپەڕێکی هەواڵی سەر بە دەوڵەتی ئێرانە، نووسیبووی ڕفێندراوەکان بریتین لە 2 ئەندامی هەواڵگری سوپای پاسداران و7 بەسیج و 5 پاسەوانی سنوور. بەڵام دواتر هەواڵەکەی لەسەر ماڵپەڕەکەی لادا.