وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت لە سەردەمی ئەمڕۆماندا بازرگانی بە مرۆڤ یەکێـکە لە هەرە تراژیدیـیەکانی مافی مرۆڤ کە جێی مەترسیـیە بۆ سەر سەلامەتی گشتی و ئاسایشی نیشتمانی.
ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی بڵاوکردنەوەی ڕاپـۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئەمساڵی 2017 لە بارەی بازرگانی بە مرۆڤ لە جیهاندا، ڕێکس تێلەرسن گوتیشی ئەمڕۆ 20 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان قوربانی ئەم بازرگانیـیەن کە زۆربەیان لەو کەسانن کە داماو و بەستە زمان و منداڵ و کچن کە باوک و دایکیان جیابوونەتەوە.
گوتیشی ئەمەریکا بڕی کۆمەکەکانی بۆ نەهێشتنی بازرگانی بە مرۆڤ زیاتر دەکات، وە داواشی لە وڵاتان کرد ئەو کەسانە دەسـتنیشان بکەن کە جلوبەرگی دەسەڵاتیان لەبەردایە و بەشداری لەو تاوانە دەکەن و کۆسپ لە بەردەم لێکۆڵینەوە یاسایـیەکان دروست دەکەن.
وڵاتی چین کە یەکێـکە لەو وڵاتانەی لە ڕاپـۆرتەکەدا باسی لێکراوە، تیلەرسن لە بارەیەوە گوتی دەیان هەزار کرێکاری کۆریای باکور بۆ ماوەی درێژ لە چین کاریان پێـدەکرێت، بەڵام موچەکانیان بۆ حکومەتی کۆریای باکور دەچێت و پاشان ئەو کرێکاران بە زۆر دەنێرنەوە بەبێ ئەوەی بپـرسن ئایا ئەوانە قوربانی بازرگانی مرۆڤن یان نا.
ڕاپـۆرتەکە لە 454 لاپەڕە پـێکهاتووە و تیایدا باس لە ئاستەکانی بازرگانی بە مرۆڤ دەکرێت لە 187 وڵات و ناوچە، لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش.