گروپە چەكدارە توندرەوەكانى ناوچە كوردستانیەكانى پارێزگاى دیالە كە گومان دەكرێت سەربە داعش بن، هەڵمەتێكیان بۆ كوشتنى موختارى گوندە عەرەب نیشینەكان دەستپێكردووە و لەماوەى چەند مانگى ڕابردوودا چەندین موختاریان كوشتووە.
لیوا مەردان چاوشین فەرماندەى میحوەرى قەرەتەپەى پێشمەرگە لەپارێزگا دیالە، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"دوو ڕۆژ لەمەوبەر داعش موختارى گوندى جەرایات و كوڕەكەیان ڕفاندووە و هەردوكیان پێكەوە كوشتووە."
پێشتریش مەفرەزەیەك چەكدار هەڵیانكوتایە سەر دوو گوندى دەوروبەرى ناحیەى قەرەتەپە ، لەگوندێكیاندا 5 موختار و كەسایەتى و لەگوندەكەى تریشیان موختارێكى كوشتووە.
لیوا مەردان ، هۆكارى بەئامانج كردنى موختارى گوندەكانى بۆ ئەوە گێرایەوە كە داعش وا لەموختارەكان دەڕوانێت پەیوەندیان لەگەڵ دەزگا ئەمنیەكاندا هەیە، بەو پێیەى موختار مۆرى پێیە و جۆرێك لەئیمتیازاتى هەیە.
بەوتەى فەرماندەكەى پێشمەرگە، داعش لەرێگەى ترس و تۆقاندن و كوشتنى موختارەكانەوە ، دەیەوێت كەشێكى وا دروست بكات كەس نەوێرێت زانیاریان لەسەر بداتە دەزگا ئەمنیەكان.
پێشتر داعش بەشێك لەشارو شارۆچكەكانى پارێزگاى دیالەى لەژێر كۆنترۆڵدا بوو ، بەڵام دواى لەدەستدانى ئەو ناوچانە، لەئێستادا مەفرەزەى بچوك بچوكى چەكدار بەگوندەكاندا بڵاو بونەتەوە و بەوتەى دەزگا ئەمنیەكانیش ئەو مەفرەزانە سەر بەداعشن
Your browser doesn’t support HTML5
دڵشاد ئەنوەر
.