لێکۆڵەرەوانی عێراقی ئەمڕۆ سێشەممە یەکەم پشـکنینی سەرەتایی خۆیان ئەنجامدا لەو گۆڕە بە کۆمەڵەی چەند ڕۆژێـک پـێشتر لە لایەن هێزە عێراقیـیەکانەوە لە باشوری شاری موسڵ دۆزرایەوە.
پـۆلیسی عێراق ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند گۆڕەکە کەوتووەتە ناو کۆلێژی کشتوکاڵ لە نزیک شارۆچکەی حەمام ئەلعەلیل، ئەوەی لەم دوایـیانە لە لایەن هێزە عێراقیـیەکانەوە لە داعش ڕزگارکرا.
ڕۆژنامەوانانی ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس چوونەتە سەر شوێنەکە، دەڵێن لە دەشتایـیەکی ڕۆژئاوای شـارۆچکەکەیە و ئێسک و پـروسکی مرۆڤیان تیایدا بینیوە. دەشڵێن بە چاوی خۆیان بینیویانە هێزە عێراقیـیەکان دوو تەرمیان دەرهێناوەتەوە کە یەکێـکیان سەربڕابوو و پاشان کەلە سەرێـکیان دۆزیوەتەوە.
محەمەد تاهیر ئەلتمیمی بەرپـرسی ژوری ئۆپەراسیۆنەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە فڕانس پـرێسی گوت ئەم تاوانەی داعش بەرامبەر خەڵکی سیڤیل کراوە کە دەست و قاچیان بەستوونەتەوە و کوشتوویانن، هەندێـک لە قوربانیـیەکان سەریان بڕیون یان سەریان پانکردوونەتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد بەشێـک لە تەرمەکان لە دەشتایـیەکە فڕێیان دابوون و ئاژەڵ خواردبوونی.
فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕۆژی دووشەممە گوتی سەد تەرمی سەربڕاویان دۆزیوەتەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەخستە ڕوو تاوەکو قسەکەی پشـتڕاستبکاتەوە.
تمیمی لەم بارەیەوە گوتی ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە بینیویانە نزیکەی 25 تەرم بووە، بەڵام جەختی کردەوە ئەمە مانای ئەوە نیـیە ژمارەی گشتی قوربانیـیەکان بێت. هەروەها پێی وابوو ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە.