بەرپرسانى هێزى پێشمەرگە، دەڵێن داعش لە كاتى باران بارین و خراپى كەش و هەوادا پەلامارى سەنگەرەكانى پێشمەرگە دەدەن ، بۆیە لە ئێستادا پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.
تەها تیمارى فەرماندەى پۆلیسى بەرگرى و فریاكەوتن لە ناوچەى تەللوەردى خۆراواى كەركوک ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داعش جموجۆڵیان هەبووە بۆیە پێشمەرگە لە ئێستادا بە وردى چاودێرى داعش دەكات و خۆى بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر هێرشێک ئامادەكردووە."
بەپێى وتەى فەرماندەكەى پۆلیسى فریاكەوتن ، داعش لە ئێستادا پلانەكانیان گۆڕیوە و دەیانەوێت لە رێگەى ناردنى مەفرەزەى بچوک بچوكەوە تەقینەوە لە نێو شار و شارۆچكەكان ئەنجام بدەن.
بەڵام لیوا محەمەد قادر فەرماندەى میحوەرى داقوقى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"داعش لە سنورى داقوق بە تەواوەتى دوور خراوەتەوە و لاواز بووە، بۆیە مەترسى هێرش كردنە سەر سەنگەرەكانمان ئەگەرێكى لاوازە."
پێشتر چەكدارەكانى داعش لە كاتى خراپى كەش و هەوادا پەلامارى سەنگەرەكانى پێشمەرگەیان دەدا، بۆیە لە ئێستادا و لە كاتى باران باریندا پێشمەرگە دەخرێنە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر