بەرپرسانى هێزى پێشمەرگە، دەڵێن داعش لە سنورى قەزاى حەویجە بە تەواوەتى لاواز بووە و توشى شپرزەیى بووە، بەشێوەیەك كە سەركردە بیانیەكانییشیان ناوچەكەیان جێهێشتووە و رۆیشتوون.
لیوا محەمەد قادر فەرماندەى باڵاى هێزى پێشمەرگە لەباشورى كەركوك، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داعش لەحەویجە توشى شپرزەیى و بێ سەروبەرى بووە و لە ڕووى مادى و سەربازیشەوە تەواو لاواز بوون ، بەشێوەیەك لەهەر ناوچەیەكیش جموجۆڵیان هەبێت فرۆكەكانى هاوپەیمانان لێیان دەدات."
هاوكات نازم كەهیە سەرۆكى پارتى دیموكراتى توركمانى سەربەخۆ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داعشە بیانیەكان هەموویان حەویجەیان جێهێشتووە و بەرەو توركیا ڕۆیشتوون، ئەوانەى لەناوچەكەدا ماونەتەوە ئەو عەرەبە سونانەن كە چوونەتە پاڵ داعش."
لاى خۆشیەوە محەمەد دوو شیوانى ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داعش زۆر لاواز بووە و پێشمەرگە بەرنامەى پێشرەوى كردنى نیە ، ئەگینا بەهاوكارى فرۆكەكانى هاوپەیمانان دەتوانێت حەویجە كۆنترۆڵ بكات."
قەزاى حەویجە كە تەواوى دانیشتوانەكەى عەرەبى سونەن، لە دواى رووخانى رژێمى بەعسەوە بووەتە پێگەى بەهێزى گروپە چەكدارە سونەكان و لەساڵى ڕابردووشەوە لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵكراوە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر