نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش لە ئەنکەرە لەگەڵ کاربەدەسـتانی تورکیا کۆدەبێتەوە

نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش لە تورکیایە بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەسـتانی ئەو وڵاتە، پاش ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە لەشکری تورکیا بچێتە ناو خاکی سوریاوە.

کاربەدەسـتێـکی تورک بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە جەنەڕاڵ جۆن ئەڵن ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنکەرەی پایتەخت لەگەڵ کاربەدەسـتانی تورک کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان‌دەکرێت دەکرێت لە وتووێژەکانیاندا سەنگی بخەنە سەر بابەتی شەڕی دژی داعش.

کرستین وۆرموث یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی و ژمارەیەک کاربەدەسـتی لەشکری لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ جەنەڕاڵ جۆن ئەڵن دەبن.

چاوەڕوان‌دەکرێت لەگەڵ فەریدون سینرلی‌ئۆغڵو یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و سەرکردەکانی لەشکری تورکیا کۆبـبنەوە.

جێی ئاماژەیە تورکیا لە هەفتەی ڕابردووەوە تانک و موشەکی دژە فڕۆکە و هێزی زەمینی زیاتری لەسەر سنوورەکانی خۆی لەگەڵ باکوری سوریا بڵاوکردووەتەوە. ئەمەش پاش ئەوەی هێزەکانی یەپەگە توانیان شاری سـتراتیژی گرێ سـپی لە دەسـتی داعش ڕزگاربکەن.