بەپـێی هەواڵەکان و قسەی گەواهیدەران دوو تەقینەوە لە گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە دیاربەکر ڕوویداوە و لە ئاکامدا 3 کەس گیانیان لەدەسـتداوە و نزیکەی 100 کەس برینداربوون.
خەجیجان فارقین پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە دیاربەکر دەڵێت 8 برینداری دیکە باری تەندروسـتیـیان زۆر خراپە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت ڕۆژی هەینی کاتێـک هەزاران کەس لە لایەنگری ئەم پارتە کوردیـیە لەو شارە گردبووبوونەوە و چاوەڕوانیان دەکرد سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕێبەری پارتەکە وتارێـکیان پـێشـکەش بکات، هەردوو تەقینەوەکە ڕوویاندا.
ڕێـکخەرانی گردبوونەوەکە هەوڵیان دەدا خەڵکەکە هێمن بکەنەوە و دەیانگوت یەکەیەکی دابەشکردنی وزەی کارەبا خراپبووە و تەقیوەتەوە، بەڵام گەواهیدەران دەڵێن دوو تەقینەوە بووە و لە ماوەی پـێنج خولەکدا بە دوای یەکتردا تەقیونەتەوە، بۆیە پـێیان وایە بۆمب بوون.
سەر ئەنجام گردبوونەوەکە هەڵوەشایەوە، بەڵام کۆمەڵێـکی زۆر لە گەنجان لە شوێنەکە مانەوە و بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە تەقینەوەکان، هێزەکانی پـۆلیسیش هەوڵی بڵاوەپـێکردنیانی دا و گەنجەکانیش کەوتنە بەردبارانکردنی پـۆلیسەکان.
Your browser doesn’t support HTML5
تەقینەوەکانی دیاربەکر