له‌شکری نیجیریا ڕایگه‌یاند خه‌ریکی گواستنه‌وه‌ی 200 کچ و 93 ژنن له دارستانێک له باکوری خۆرهه‌ڵاتی وڵات، له‌و شۆینه‌ی له‌ده‌ست میلیشیا توندڕه‌وه‌کانی بۆکۆحه‌رام ڕزگارکران.
کۆلۆنێل سانی ئوسامه گوتی زۆربه‌یان له ڕه‌وشێکی ده‌روونی خراپدان. گوتیشی له‌شکر تیمه‌کانی ته‌ندروستی و هه‌واڵگری ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌که کردووه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و پـشکنینی پـزیشکی ئه‌و کچ و ژنانه.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که له ڕۆژی سێشه‌ممه‌وه ده‌ستیان کردووه به گواستنه‌وه‌یان له دارستانی سامبیسا به‌ڵام باسی له‌وه نه‌کرد که به‌ره‌و چ شۆینێک ده‌گوێزرێنه‌وه.
ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی له‌شکری له دارستانه‌که به‌رده‌وامه هاوکات چوار کامپی بۆکۆحهرامیان تێکداوه.
کاربه‌ده‌ستێکی هه‌واڵگری ڕایگه‌یاند بۆکۆ حه‌رام ژن و کچه‌کانیان له ڕیزه‌کانی پێشه‌وه وه‌کو قه‌ڵغانی مرۆیی به‌کار هێنابوو بۆ پاراستنی خۆیان و ته‌قه‌کردن له هێزه‌کان.