هەرچەندە ماوەى زیاتر لە دوو مانگە ناحیەى سلێمان بەگ لەلایەن سوپاى عێراقەوە ئازاد کراوە، بەڵام تاکو ئێستا رێکخراوى بەدر و میلیشیا شیعەکان رێگەیان نەداوە دانیشتوانى ئەو ناحیەیە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان و هەڕەشەى کوشتنیان لەو خێزانانە کردووە کە ویستوویانە بگەڕێنەوە.
رێگەنەدانى میلیشیا شیعەکان بە گەڕانەوەى دانیشتوانى ناحیەى سلێمان بەگ بۆ سەر ماڵ و حاڵیان ، پارێزگار و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدینى بە تەواوەتى نیگەرانکردووە و بۆ ئەو مەبەستە قسەیان لەگەڵ حەیدەر عەباى سەرۆک وەزیرانى عێراق دا کردووە، بەڵام پەنا بردنە بەر عەبادیش نەبووەتە مایەى رازیکردنى میلیشیا شیعەکان و رێگەدانیان بە گەرانەوەى دانیشتوانى ئەو ناحیەیە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.
مەلا حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند"رێکخراوى بەدر و میلیشیا شیعەکان رێگە نادەن هیچ دانیشتوویەکى ناحیەى سلێمان بەگ بگەرێتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆى و هەوڵەکانیش بۆ رازیکردنیان بۆ رێگەدان بەگێرانەوەى خەڵکى ناحیەکە بێسود بووە".
هەرچەندە ناحیەى سلێمان بەگ لەچەکدارەکانى داعش پاککراوەتەوە بەڵام کۆتایى بەژیانى ئاوارەیی دانیشتوانەکەى نەهاتووە، گرفتى بەردەم گەرانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان تەنها میلیشیا شیعەکانە.
حەکیم کەریم فەرماندەى ئەو فەوجەى هێزى پێشمەرگە کە ئەرکى پاراستنى رێگەى سلێمان بەگیان لەئەستۆدایە، دەڵێت"خەڵکى ناحیەکە لە چەکدارە شیعیەکان دەترسن و ناگەرێنەوە سەر زێدى خۆیان".
دانیشتوانى ناو ناحیەى سلێمان بەگ بە زیاتر لە سێ هەزار خێزان هەژمارد دەکرێن ، ئەم ناحیەیە لەڕووى ئیداریەوە سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدینە و دەکەوێتە نێوان زنجیرە چیاکانى حەمرین و قەزاى خورماتووەوە ، تەواوى دانیشتوانەکەى عەرەب و تورکمانى سووننە مەزهەبن.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئهنوهر