ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی پـشتڕاستیکردەوە زیاتر لە 30 پەنابەری سۆماڵی کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵبوون لە نێو بەلەمێـکدا لە دەریای سوور بە گولـلەی دۆشکەی هەلیکۆپتەرێک کوژراون.
ژۆوێل میلمان گوتەبێژی ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەڵەتی IOM ئەمڕۆ گوتی دەیان کەس لە نێو بەلەمەکەدا کوژراون و 80 کەسی دیکە ڕزگاریان بووە و بەرەو نەخۆشخانە براون، بەڵام 24 کەسیان برینەکانیان قورسە.
کاربەدەستێکی نەخۆشحانەکە گوتی تەرمی 33 پەنابەر و 35 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان.
کاربەدەستێـک لە بەندەری حودەیدەی ژێر دەسەڵاتی حوسیـیەکان گوتی بەلەمەکە بەرەو بەندەرەکەیان براوە و دەیان پەنابەری سۆماڵی ڕزگارکریان بووە و 3 قاچاغچی یەمەنی دەستگیرکراون.
پـیاوێکی یەمەنی کە لە بەلەمەکەدا لەگەڵ پەنابەرە سۆماڵیـیەکان بوو بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت هەلیکۆپتەرەکە تەقەیەکی زۆری لێکردوون. گوتیشی ئەوان تەنها ویستوویانە لە ڕێگەی ئاوی دەریای سوورەوە لە یەمەنی وێرانبوو بە شەڕ بەرەو وڵاتی سودان بڕۆن.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نازانرێت کێ لە پشـت هێرشەکەوەیە، بەڵام ئاژانسی دەنگوباسی سەبەئی یەمەنی ژێر دەستی حوسیـیەکان دەڵێت هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی عەرەبستانی سعودیـیە هێرشەکەی ئەنجامداوە. هێشتا هاوپەیمانێتیـیەکە هیچ لێدوانێـکی لەم بارەیەوە نەداوە.
کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە