ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ولیەم باڕی پەسەندکرد بۆ گرتنەدەستی پـۆستی وەزیری داد، بەوەش شوێنی جێف سێشنس دەگرێتەوە کە لە 7 ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو دەستبەرداری پـۆستەکەی بوو.
ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە دەنگی 54 بەرامبەر 45 ، ئەم بڕیارەی دا کە هەرچەندە بەشی زۆری دیموکراتەکان لەگەڵیدا نەبوون.
کۆشکی سپی بڕیارەکەی بە سەرکەوتن بۆ دادپەروەری و سەروەری یاسا لە ئەمەریکا ناودێرکرد.
بەپـێی وەزارەتی داد ولیەم باڕی تەمەن 68 ساڵ ئەمڕۆ لە کاتژمێر 4:45 ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی واشنتنی پایتەخت لە کۆشکی سپی سوێندی یاسایی دەخوات.
جێی ئاماژەیە ولیەم باڕ کەسێکی کۆماریـیە و لە سەردەمی سەرۆک جۆرج بوشی باوکیش لە نێوان ساڵانی 1991 هەتا 1993 وەزیری دادی بووە.