Accessibility links

ئەمەریکا بە فەرمی داندەنێت بە سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا


سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داندەنێت بە سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا وەک سەرۆکی کاتی ئەو وڵاتە.

خوان گوایدۆ ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەردەم هەزاران لە لایەنگرانی لە کەراکاسی پایتەخت گوتی بەرپـرسیارێتی ئەرکەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵاتەکە لە ئەستۆ دەگرێت و بەوەش خۆی وەک سەرۆکی کاتی وڵاتەکە ڕاگەیاند.

لەگەڵ ئەوەش لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی جیهان چاوی لەسەر ڤەنزوێلایە و دەبێت کاربکەن بۆ 1- ڕاگرتنی سەرکوتکاری 2- پـێکهێنانی حکومەتی کاتی 3- هەڵبژاردنی ئازاد.

سەرۆک ترامپ دەستبەجێ پشـتیوانی خۆی بۆ دەربڕی و لەسەر تویتەرەکەی نووسی خەڵکی ڤەنزوێلا ماوەیەکی زۆرە بە دەست ڕژێمی مادورۆی ناشەرعیـیەوە دەناڵێنن. ئەمڕۆ، بڕیارم دا بە فەرمی دانبنێم بە خوان گوایدۆ وەک سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا.

سەرۆک ترامپ لە بەیانـنامەیەکیشدا کە لەسەر ماڵپەڕی کۆشکی سپی بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی تەواوی توانا ئابوری و دیپـلۆماسیـیەکانی ئەمەریکا بەکاردەهێنێت لە پـێناو گەڕاندنەوەی دیموکراسی بۆ ڤەنزوێلا. هانی وڵاتانیشی دا دانبنێن بە خوان گوایدۆ وەک سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا.

هاوکاتی ئەم پـێشهاتانە بە هەزاران کەس ڕژاونەتە سەر جادەکانی کەراکاس بۆ دەربڕینی پـشتیوانی بۆ خوان گوایدۆ.

XS
SM
MD
LG