Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ برەنسن دەدات


دادگایەکی تورکیا بڕیاری ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ برەنسنی ئەمەریکایی دا، ئەمەش پاش دوو ساڵ لەوەی دەسـتگیرکرابوو بە تۆمەتی سیخوڕی و پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان.

دادگای عەلی ئەغا لە پارێزگای ئزمیر ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند قەشە ئەندرۆ لەسەر تاوانەکانی ئەنجامی دابوون دەبێت بۆ ماوەی 3 ساڵ و مانگێک زیندانی بکرێت، بەڵام بە لێکدانەوەی ئەو ماوەیەی لە زینداندا بەسەری بردووە و هەروەها ڕەفتارەکانی لە کاتی دادگایـیەکردنەکان، بۆیە بڕیاری ئازادکردنی درا.

سەرۆک ترامپ لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی "قەشە ئەندرۆ برەنسن ئازادکرا. لەم زووانە دەگەڕێتەوە بۆ وڵات!"

پـێشتر دەسەڵاتدارانی تورکیا قەشە ئەندرۆیان تاوانباردەکرد بەوەی پشتیوانی لە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە و هانی کوردی داوە بۆ جوداخوازی و چووە بە تایبەتی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر ناوچە کوردیـیەکان کردووە و لە شاری ئزمیر کڵێسایەکی دامەزراندووە تەنیا بۆ کوردەکان.

هەروەها دەیانگوت لە چوارچێوەی پشتیوانیـیەکەی بۆ پەکەکە چەندان جار بۆ کۆبانی چووە، وە وێنەی پـێگیراوە کە لەگەڵ کەسانێک لە کۆبوونەوەدا بووە ئاڵای پەکەکەیان لە پشتەوە بووە.

جگە لەوانە لە مۆبایلەکەی نامەیەکی پـێگیرابوو کە بۆ بەرپـرسێکی لەشکری ئەمەریکایی ناردبوو و تیایدا مەخابنی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر شکستهێنانی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ی تورکیا.

بەڵام قەشە ئەندرۆ برەنسن بە توندی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت جگە لە چاکە بۆ تورکیا هیچ زیانێکی بۆ ئەو وڵاتە نەبووە.

XS
SM
MD
LG